دوێنێ لای بەرێوەبەری فەرمانگەیەک دانیشتبووم، ژورەکەی قەرەباڵغ بوو، پیاوێکی بە تەمەن خۆیکرد بە ژوردا و سڵاوی کرد و هەمووان لەبەری هەستان. سەیرمکرد ناسیمەوە، ئەو کاک جەمال بوو ساڵی نەوەدەکان لای مزگەوتی گەورە مێزێکی هەبوو شەکر و برنجی دەفرۆشت، منیش لای ئەو عەلاگەم دەفرۆشت، سڵاوم لێکرد و وتم؛ دەمناسیتەوە.؟
وتی؛ نەوەڵا..
وتم؛ من سالارم ساڵی نەوەدەکان لای تۆ عەلاگەفرۆش بووم. لەو کاتەدا هەموو ئەوانەی لە ژورەکەدا بوون سەیریان کردم، جۆرێک لە سەرسوڕمان بە روخسارییانەوە دیاربوو، کە دانیشتینەوە کەسێک لە تەنیشتم بوو وتی؛ کاک سالار تۆ زۆر گەورەیت.
وتم؛ بۆ.؟
وتی؛ بە ئاشکرا شانازی بە عەلاگەفرۆشییەوە دەکەیت، لە کاتێکدا هەزاران کەس هەیە شەرم دەکات باسی هەژاری و رابردووی خۆی بکات. وتی؛ زۆرم خۆشدەوێیت ئێستا هێندەی تر خۆشەویستتر بووی لام.!

بەڵێ من عەلاگەفرۆش بووم، بە شانازییەوە باسی دەکەم و تا هەنوکەش خۆم بە عەلاگەفرۆش دەزانم، بەردەوامیش هاوڕێیەتی منداڵە هەژارەکان دەکەم، هاوڕێکانی ئێستام فیتەر و چایچی و پۆلیس و پێشمەرگە و شاگر و ..هتد.
راستە ئێستا باری ئابوریم لەچاو ئەوسادا باشترە بەڵام هەرگیز ئارەزووی دیدار و هاوڕێیەتی منداڵە دەوڵەمەندەکان ناکەم، بگرە زۆریش نائاسودەم کاتێک لەگەڵیاندا دادەنیشم.
بەڕاشکاوی دەیڵێم؛ بۆ ئەو رۆژگارە سەخت و دژوارەی من کە هەژار بووین و باوکم نەبوو، کاک جەمال پشت و پەنام بوو. من مرۆڤێکی بێدەنگ و داماو بووم، زۆربەی کات عەلاگەفرۆشەکانی تر شەڕیان پێدەفرۆشتم و لێیان ئەدام، هەموو کات کاک جەمال فریام دەکەوت و بەرگری لێدەکردم. جارجاریش ئێواران دوو دیناری ئەدامێ، ئێستا و تا ئەو رۆژەی دەمرم خۆم بە قەرزداری دەزانم..

هەرگیز نەفرەت لە رابردووی خۆم ناکەم، تەنها هێندە نەبێ کە رەنگە هەندێ شت دەبوو بمکردایە و نەمکردووە، مەگەر لەوە پەشیمان بم.
ئێستا رۆژگارێکە مرۆڤەکان لەسەر شکڵ و شێوە و جلوبەرگ و روخسار هەڵسەنگاندن بۆ دەکەن، نازانن ئەوە تەنها حەزێکە و هیچیتر، مرۆڤەکانی ئێستا لەسەر بنەمای پلە و پایە و پۆست رێزت دەگرن، نەک لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون. خەڵکی دەبێ ئەوە بزانن کە ئێمە هەموومان یەک شتین، خاوەنی یەک خاک و زمان و ئایین و یەک چارەنوسین تەنها پیشەکەمان لێکمان جیادەکاتەوە.

گرنگ نیە من کێم و چیم و کوری کێم و لە رابردودا چیمکردووە، گرنگ ئەوەیە منیش وەک تۆ هاونیشتیمانیەکی بێ ئاو و بێ کارەبا و بێ موووچەی ئەم هەرێمەم، تاکە جیاوازی بچوک ئەوەیە کە من حەزم لێیە هەمیشە پاکوخاوێن و کەشخەبم، بە منداڵیش هەروا بووم، هەرگیز نەمهێشتووە بێ باوکیم پێوەدیاربێ، تەنانەت لە خوێندنگەش دوای دوو ساڵ هاوپۆلەکانم زانیان کە باوکم نیە، نەمدەهێشت پێم بڵێن؛ هەتیووە و گوناحە.!
ئێستاش گەر تەمەنم بگەرێتەوە دواوە دووبارە دەبمەوە عەلاگەفرۆش و لەبەردەم مزگەوتی گەورە بە دەنگێکی پڕ ناسۆر و قەهرەوە هاوار دەکەم چوار عەلاگە بە دینارێ.!